X

گەڕان




نوێژ

گێڕانه‌وه‌ی سوننه‌تی سپێده‌

02/05/2026   |   757 :بینراو

هه‌ر كه‌سێک له‌به‌ر عوزرێک ئه‌و دوو رکات نوێژه‌ سوننه‌ته‌ی سپێده‌ی نه‌كرد بۆی سوننه‌ته كه ‌عوزره‌كه‌ نه‌ما بیانگێڕێته‌وه‌، چونكه‌:

الف- ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «عَرَّسْنَا مَعَ نَبِيِّ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَلَمْ نَسْتَيْقِظْ حَتَّى طَلَعَتِ الشَّمْسُ فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لِيَأْخُذْ كُلُّ رَجُلٍ بِرَأْسِ رَاحِلَتِهِ فَإِنَّ هَذَا مَنْزِلٌ حَضَرَنَا فِيهِ الشَّيْطَانُ ‏.‏ قَالَ فَفَعَلْنَا ثُمَّ دَعَا بِالْمَاءِ فَتَوَضَّأَ ثُمَّ سَجَدَ سَجْدَتَيْنِ، ثُمَّ أُقِيمَتِ الصَّلاَةُ فَصَلَّى الْغَدَاةَ»[1]؛ «شه‌وێک له‌ ده‌شت (له سه‌فه‌ردا) له ‌خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مابووینه‌وه‌ خه‌به‌رمان نه‌بۆوه‌ تا خۆر هه‌ڵهات، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: هه‌ر كه‌سه‌تان با جڵه‌وی سوارییه‌كه‌ی بگرێت با بڕۆین ئه‌مه‌ شوێنێكه‌ شه‌یتان خۆی گه‌یاندووه‌ پێمان لێی، ئێمه‌ش وامان كرد. پاشان داوای ئاوی كردو ده‌سنویژی شت ئینجا دوو رکات نوێژی كردو ئیتر نوێژ دابه‌سترا، نوێژی به‌یانییه‌كه‌ی کرد‌ كه‌ چووبوو».

   ریوایه‌تێكی تریش له ‌عیمرانی کوڕی حو‌سه‌ینه‌وه‌ (الحُصَین) هه‌ر به‌و مانا و شێوه‌ هاتووه‌.

ب- قه‌یسی کوڕی عه‌مر ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كابرایه‌كی بینی دوای كردنی نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌ی به‌یانی دوو رکات نوێژی تری كرد، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «صَلاَةُ الصُّبْحِ رَكْعَتَانِ»؛ «نوێژی به‌یانی دوو رکاته‌». كابرا وتی: من دوو رکات سوننه‌تی پێشیم نه‌كردبوو، بۆیه‌ ئێستا كردمن. پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بێده‌نگ بوو.[2]

ج- ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «مَنْ لَمْ يُصَلِّ رَكْعَتَىِ الْفَجْرِ فَلْيُصَلِّهِمَا بَعْدَ مَا تَطْلُعُ الشَّمْسُ»[3]؛ «هه‌ر كه‌سێک دوو رکات سوننه‌ته‌كه‌ی سپێده‌ی نه‌كردبوو با كه‌ خۆر هه‌ڵهات بیانكات». ئه‌مه‌ ته‌ئكیده‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و سوننه‌ته‌ ئه‌گه‌رچی كاتی خۆی و فه‌رزه‌كه‌شی به‌سه‌رچووبێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێت كه‌ هه‌ركه‌س له ‌ده‌ستی چوو بیانكات ئیتر دانیشێت تا خۆر هه‌ڵدێت و ده‌یانكات وه‌كو حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون.[4] فه‌رمووده‌كه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێت كه‌ ناشێت دوای كردنی نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌ی به‌یانی و پێش خۆرهه‌ڵهاتن ئه‌و دوو رکات سوننه‌ته‌ نه‌گێڕرێته‌وه‌؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.

   بۆیه‌ پێم وایه‌ ده‌شێت نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌ی به‌یانی بكه‌یت وپاشان دوو رکات نوێژی سوننه‌ته‌كه‌ی پێشی بگێڕیته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ش رای په‌سه‌ندی ئیبنو عومه‌ره خوا لێیان رازی بێت، هه‌روه‌ها بۆچوونی ئیمامی ئه‌وزاعی و شافیعی و ئه‌حمه‌دو ئیسحاق و موحه‌ممه‌دی کوڕی حه‌سه‌نی شه‌یبانییه، بۆچوونی ئیمامی موزه‌نیشه‌ كه‌ قوتابی ئیمامی شافیعییه‌و كۆكه‌ره‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌یه‌تی به ‌كتێبی «الأم»؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.[5]



[1]. موسليم: 1098 و ئه‌وانی تريش.

[2]. صحيح فقه السنة: 1/376.

[3]. الترمذي: 423.

[4]. ده‌یان جار پاكستانیم بینیوه‌ (که حه‌نه‌فین) نه‌هاتۆته‌ نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌وه‌ به‌ جه‌ماعه‌ت له‌به‌ر كردنی دوو رکات سوننه‌ته‌كه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رزه‌كه‌ بكات ده‌بێ دانیشێت تا خۆر هه‌ڵدێت ئینجا بۆی هه‌یه‌ سوننه‌ته‌كه‌ بكات.

[5]. الأم: 1/161؛ المجموع: 4/249؛ المغني: 1/570.